بۆچی پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی بەکاربهێنم؟

business email image

پۆستی ئەلیکترۆنی (ئیمەیڵ) یەکێکە لە باشترین و پیشەییترین ڕێگەکانی پەیوەندیکردن، تەواوی هەژمارەکانمان لەسەر وێب لە ڕێگەی پۆستی ئەلیکترۆنییەوە دروست دەکەین. هەروەها باشترین ڕێگەیە بۆ پاراستنی بەڵگەنامە و نامە گرنگەکان. هەموومان ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنیی کەسییمان هەیە، کە تەواودەبن بە (gmail.com@) یان (outlook.com@) بەڵام لەم بابەتەدا باسی گرنگیی پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی دەکەین، کە ناونیشانەکەی تەواو دەبێت بە ناوی کۆمپانیاکەت، وەکو (citystarmall.co@).

چۆن ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانی دروست بکەین؟

پێش ئەوەی بتوانیت ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی دروست بکەیت، دەبێت ناوی پاوان (Domain Name) تۆماربکەیت، ناوی پاوان و پاشگرەکەی تایبەت دەبن بەخۆت وەکو (citystarmall.co)، دەتوانیت ڕاژەکانی وەکو گۆدادی یان 101دۆمەین بەکاربهێنیت بۆ تۆمارکردنی ناوی پاوان.
دوای ئەوە دەتوانیت بەشداریی لە یەکێک لە ڕاژەکانی پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانییدا بکەیت، لەوانە (Microsoft 365) یان (Google Workspace) کە تێچووەیەکی ساڵانەی هەیە، چەند دانە هەژمارت ویست دەتوانیت بیکڕیت.
کۆتا هەنگاو بریتییە لە ئاڕاستەکردنی هەژماری پۆستی ئەلیکترۆنییەکانت بە ناوی پاوانەکەوە کە پێشتر تۆمارت کردووە لە ڕێگەی (DNS)ەوە، کە سەرجەم ڕاژەکانی پۆستی ئەلیکترۆنیی فێرکارییەکانیان داناوە.

سوودەکانی پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی چییە؟

ڕەنگە بڵێیت کە پۆستی ئەلیکترۆنیی کەسییم هەیە و کارەکانم ئەنجام دەدەم، بۆچی پێویستە پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی بکڕم، لە خوارەوە ڕوونی دەکەینەوە سوودەکانی چییە.

جیاکردنەوەی ژیانی تایبەتیی لە کار

پێویستە ژیانی تایبەتییت لە کار و پیشەکەت جیابکەیتەوە، تا بتوانیت کارەکانت بەباشیی ئەنجام بدەیت و نامە تایبەتیییەکانت و نامەکانی کار تێکەڵی یەک نەبن. بۆ نموونە دەکرێت لەناو بوخچەکەتدا نامەیەک لە هەژماری فەیسبووکەکەتەوە هاتبێت و نامەی دوای ئەوە تایبەت بێت بە کاری کۆمپانیاکەت، کە ئەمە کارایییت پێ نابەشێت.

پیشەیییانەتر دەردەکەیت

کاتێک ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی بەکاردەهێنیت، شێوەیەکی جوانتر و پرۆفیشناڵتر دەدەیت بە کۆمپانیاکەت و بە خۆت. بەدڵنیایی جوانتر و ڕێکوپێکترە لە پۆستی ئەلیکترۆنییەکەتەوە نامەکانت بنێریت کە ناوی کۆمپانیاکەتی هەڵگرتووە، وەک لەوەی جیمەیڵ و هاوشێوەکانی بێت.

باشتر کۆمپانیاکەت بەڕێوەدەبەیت

بە دڵنیاییەوە لە کۆمپانیاکەت تەنیا خۆت پۆستی ئەلیکترۆنییت نییە، بەڵکو سەرجەم کارمەندەکانیشت دەبێت هەیان بێت. ئەگەر پۆستی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی بەکاربهێنیت زۆر بەباشیی دەتوانیت سەرجەم هەژمارەکانی کۆمپانیاکەت بەڕێوەببەیت، وەک لە جیمەیڵ و ئاوتلوکی تاکەکەسیی. بۆ نموونە کاتێک کارمەندەکانت دەڕۆن، تۆ لە هەژماری بەڕێوەبەری کۆمپانیاوە سەرجەم دەسەڵاتەکانی کارمەندەکە دادەخەیت، بەڵام ئەگەر کارمەندەکان هەژماری تاکەکەسیی خۆیان هەبێت، چیتر ناتوانیت دەسەڵاتت هەبێت بەسەریاندا.

هەموو چالاکییەکانت دەبن بە بازاڕدۆزی

کاتێک ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بریتی بێت لە ناوی کۆمپانیاکەت، ئەوە هەر کاتێک نامەکانت دەنێریت یان نامەت بۆ دەنێرن، دەبێتە بازاڕدۆزی و ناساندنی کۆمپانیاکەت. زۆر جیاوازە لەوەی ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت تەنیا بریتی بێت لە ناوی خۆت و جیمەیڵ یان ئاوتلوک.



وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *